بگەڕێ بۆ پەند
- ئ
- "ئەوی لە مشک بێ جەواڵ ئەدڕێ":مەبەست ئەوەیە وەچەی خراپ هەر ئەکێشێتەوە سەر خراپە.
- "ئەڵێی نە بای دیوە و نە باران":بە یەکێک ئەوترێ کە لە سەر کارێک سزایەکی سەخت درابێ کەچی لەدوای سزاکە دەست بکاتەوە بە کارەکە.
- "ئهیهوێت ماسی بگرێت و قاچیشی تهڕ نهبێت":واتا : ئەوکەسەی دەیەوێت بگات بە دەستکەوتێک ئەبێ ماندوو ببێ و کۆششی بۆ بکات ، بەئاسانی و بێباکی نایەتە بەرهەم .
- "ئەگەر گوڵ نیت دڕکیش مەبە":تابۆت دەکرێت چاکە بکە، کاتێککە چاکەت بۆ ئەنجام نادرێت ئیتر خراپە مەکە!
- "ئەو خورمایەی تۆ دەیخۆیت ناوکەکەی لە گیرفانی من دایە ":ئەو فرت و فێڵەی تۆ دەیکەیت من لێی ئاگادارم و لەوسەری هاتوومەتەوە، من زیاتر لە تۆ لەم مەیدانەدا سواوم و تۆ ناتوانیت، من هەڵبخەڵەتێنیت و فێڵم لێ بکەیت
- "ئاسنی سارد دەکوتێت": بە یەكێك دەوترێت کە خەریکی کارێك بێت کە ڕوون دیارە دەرەقەتی نایات
- "ئازا جارێك ئەمرێت بەڵام ترسنۆك ڕۆژی سەدجار ئەمرێت":هەموو ترسێك مردنێکە، بۆیە ترسنۆك ئەگەر لە ڕۆژێکا سەدجار بترسێت سەد جار دەمرێت
- ا
- ب
- "بەرخ هەر لەناو کۆزدا نامێنێ":مەبەست ئەوەیە پیاو پابەندی گۆڕانە.
- "بۆیە پێت ئەڵێم کاکە چۆلەکەم بۆ بگریت":مەبەست ئەوەیە وەختێ ئەتوانی مەردم بخەیتە ژێر بار و بیانکەی بە ئاشنای خۆت کە چاکەت بۆیان ببێت.
- "بۆ ڕیش چوو، سمێڵیشی نایە سەری":مەبەست ئەوەیە یەکێک دەست بۆ ئیشێک ئەبا کە چی لەباتی ئەوە قازانجی تیا بکا، زیانی تیا ئەکا، ئەمەی بۆ ئەوترێ.
- "بانێکە و دوو هەوا!؟":ئەمە لە سەرسامییەوە لە شوێنێکا ئەوترێ کە جیایی لەبەینیانا نەبێت، کە چی جیاش بکرێنەوە. سەرچاوەی ئەم پەندە ئەوەیە کە ژنێک کوڕێک و کچێکی بووە، ژنی بۆ کوڕەکەی هێناوە و کچەکەشی داوە بە شوو. شەوێکی هاوین هەموویان لەسەر تاقەبانێک نووستوون، لە نیوەشەوا هەستاوە چووەتە سەر جێگەی کچ و زاواکەی لێفەکەی داوەتەوە بە سەریانا و دایپۆشیون و وتوویە: ڕۆڵە ساردە سەرماتان ئەبێ. ئینجا چووەتە ئەولاوە بۆ سەر جێگەی بووک و کوڕەکەی، سەیری کردووە پێکەوە نووستاون، لێکیانی کردووەتەوە و لێفەکەی لەسەر لاداون و وتوویە: ڕۆڵە گەرمە لە گەرمانا ئەپیشن، ئەمە چییە وا خۆتان نووساندووە پێکەوە؟! بووکەکەی ئاگای لە هەر دوو کارەساتەکە بووە و وتوویە: هەی هەی «بانێکە و دوو هەوا»!.
- "بە قسەی خۆش مار لە کون دێتە دەر":واتە پیاو بە زمانی شیرین ئەتوانێ بەسەر هەموو کۆسپێکدا زاڵ بێ.
- "بەرد لە جێی خۆی سەنگینە":مرۆڤ لە جێی خۆی بەقەدر و بەڕێز و سەنگینە
- "بە چاوی عەقڵ بۆ مەرگ نەڕوانیت، نرخی تەمەن و ژیان نازانیت":پەندێكی پیرەمێردە، مەبەست لێی ئاقڵانە بیر بکەوە و قەدری ژیانت بگرە.
- "بە علمی فەلەك دکتۆرا بێنی کە ڕەوشتت نەبوو فلسێك ناهێنیت":مەبەست لێی ڕەوشتت کە نەبوو، علمەکەشت هیچ ناهێنێ
- "بە دەستێك دوو کاڵەك هەڵناگیرێت":واتا دوو ئیش بە جارێك مەگرە دەست
- پ
- "پەتی درۆ کورتە":چوونکە هەموو درۆیەک پاش چەند ڕۆژێک دەرئەکەوێ.
- ت
- "تەماع سەری نەبڕیت سەرت ئەبڕێ":چونکە هەرچی رووزەردی هەیە، لە ئەماعەوە تووشی مەردوم ئەبێ.
- "تا مقاش هەبێت دەستی خۆم ناسوتێنم":تا ڕێگەی ئاسانتر هەبێت بۆ ئەنجامدانی کارێك، پەنا نابەمە بەر ڕێگە قوڕس و سەختەکە
- "تەرازوو شەرمی لە کەس نیە":واتە یەکسانی شەرم لە کەس ناکات، چ جای کەسەکە گەورە و ڕێزدار، خزم و نزیك، یان پلەدار و پایەدار بێت
- ج
- چ
- "چی بچێنی ئەوە ئەدرویتەوە":لە کردەوەی چاک چاکەت دەست ئەکەوێ و لە هی خراپ خراپەیە.
- "چەپڵە بە دەستێک لێ نادری":مەبەست ئەوەیە یارمەتی لەبەینا نەبێ ئیش ناچێتە سەر.
- "چۆلەکەیەکی ناو دەست، باشترە لە دە چۆلەکەی سەر درەخت":مەبەستی ئەوەی شتێك هی خۆت بێ لە دە شت باشترە کە هی خۆت نەبێت.
- "چەم بێ چەقەڵ نابێت":ەناو هەموو هۆز و بنەماڵەیەکدا دەشێ چەند کەسێکی خراپەکار و هەبێت، بەهۆی ئەوانەوە کۆی کەسوکار و بنەماڵەیان لەکەدارکەن
- ح
- خ
- "خەو برای مەرگە":نووستوو، نە دەسەڵاتی هیچی هەیە، و نە ئاگای لە هیچە
- "خورماش لە بەغدا زۆرە!":مەبەستی لە شتێکە کە ئێستا لەبەردەستدا نەبێت و لە شوێنێکی دوور هەبێت
- د
- "دار بە پوازی خۆی نەبێ ناقڵەشێ":مەبەست ئەوەیە ئەگەر قەومێک خۆیان بنچینەی یەک دەرنەهێنن کەس پێیان ناوێرێ.
- "دەستی ماندو لەسەر سکی تێرە":ئەوکەسەی کاردەکات وڕەنج ئەدا دوای تێکۆشانەکەی پولی دەست دەکەوێت وخواردن دەکڕێ و تێر بە
- "دیاریی مێروولە، باڵە کوللەیە":داهاتی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا، بەپێی پێگە و پلە و پۆستە، لەناو ئەو چینە کۆمەڵایەتییە کە سیستەم بۆی دیاریکردووە و تێیدا دەژیی، کەسە هەژارەکان لە چینی ژێردەستن و داهات و خەرجیان کەم و دیاریکراوە، پەندەکە بە کەسێکی هەژار ئەوترێ کە دیارییەکی کەم نرخ بۆ کەسێک بەرێت.
- "دەست بگرە بە کڵاوتەوە، با (با) نەیبا":پەندەکە بە هەندێک ڕووداوی ژیاندا دەوترێت کە پێویستە قسەی تیانەکرێت، ئەگینا بەهۆیەوە تووشی کێشە دەبیت
- "درۆزن زانی درۆی سەردەگرێت، پێی ڕادێت ئیتر شەرم نایگرێت":مەبەست لێی جارێك کردارێکت کرد و سەریگرت، پێی ڕادێیت و شەرمت لێی ئەشكێ، جا کردارەکە خراپیش بێت
- "دوو گا لە دۆڵێكدا بن یا خوی یەك دەگرن یان ڕەنگ":گەر دوو کەس لە جێگەیەکدا بۆ کاتێکی درێژ بەیەکەوە بن، پەیڕەو لە خوو نەریتی یەک دەکەن
- "دار هۆرەی لە خۆی نەبێت ناقڵەشێ":کاتێك بەکاردێت کە کەسێك خیانەت بە خزم و کەسی نزیکی خۆی دەکات و دەبێتە هۆی کێشە و ئازار بۆیان
- "دەریا بە دەمی سەگ پیس نابێت":واتە پیاوی گەورە بە قسەی ئەم و ئەو ناشكێت
- ر
- ز
- "زۆرەملێ مل شکانی لەدوایە":مەبەست ئەوەیە پیاو ئەبێ ئیش بە پشوو و هێمنی بکا.
- ژ
- س
- "ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پار":مەبەست ئەوەیە ئیش هەتا ئەڕوا بەلای خراپەوە ئەڕوا.
- "سوار ئەسپی خەڵک بیت هەر پیادەیت":مەبەست ئەوەیە پیاو نابێ چاوی لە ماڵی مەردم بێ.
- "سوار هەتا نەگلێ نابێ بە سوار":مەبەست ئەوەیە پیاو بیەوێ بگا بە شتێک ئەبێ تەنگوچەڵەمەشی بێتە ڕێ.
- "سوار تا نەگلێ نابێت بە سوار":نەگلێ: بۆ کەسێک بەکاردێت کە ئەسپسوار بێت و لەسەر ئەسپەکەوە بکەوێتەخوار، لە کوردەواردا پێی دەڵێن گلاوە، مرۆڤ لە ڕەفتار و کار و کردەوەی ژیانیدا تا هەڵە نەکات و تووشی زیان و زەرەری گەورە نەبێت، ناتوانێت لە هەڵە تێبگات، واتە: مرۆڤ لە هەڵەکانەوە فێردەبێت.
- ش
- "شوێنی شێرە و ڕێوی گێرەی تیا ئەکا":ئەمە بەداخەوە لە شوێنێکا ئەوترێ کە لەپێشا پیاوێ بەکار خەریکی ئیشێک بوو بێت و ئێستە ئەو نەمابێت و یەکێکی بێکارە دەست بدا بەو ئیشەوە.
- ع
- غ
- ف
- ڤ
- ق
- "قەدری مانگ نییە تا نەگاتە شەو":پیاوی زانا وەختێ دەرئەکەوێ کە لە شوێنێک بێت نرخی زانینەکەی بزانرێ.
- "قسە یا لە شێت ببیستە، یا لە منداڵ":واتا تەنها باوەڕ بە شێت یان منداڵ بکە، چونکە هەردووکیان بێ پینە و پەردە قسە دەکەن.
- ک
- "کە زۆر بوو قەواڵە بەتاڵە":قەواڵە کاغەزێ کە تیایا ئەنووسرێ ئەو مڵکە یا ئەو زەوییە هی فڵان کەسە، کە ئەمەی هەڵگرت ئەو مڵکە بە هی ئەو ئەناسرێ. مەبەست ئەوەیە زۆر لەسەر هەموو شتێکەوەیە، کە زۆر بوو قەواڵە و شتە هیچ ناکا.
- "کوتەک ئەزانێ قۆناغ لەکوێیە":مەبەست ئەوەیە ئیشێکی کردووە هەر چەند بە خۆشە لەگەڵی خەریک ئەبن ڕاستی ناڵێ، لەپاشا دەست ئەکەن بە لێدانی و ئەو وەختە بە ناچاری دەری ئەبڕێ.
- "کە شیرت وەشاند ئەبێ قەڵغانت پێ بێ":مەبەست ئەوەیە پیاو نابێ هەروا بزانێ کە دەست ئەوەشێنێ، ئەبێ ئەوەشی ئاگا لێ بێ کە دەستیشی لێ ئەوەشێنن، جا ئەبێ بە ئامادەیی بچێتە مەیدانی ئیشەوە نەوەک لە نیوەی ڕێگەدا پەکی بکەوێ.
- "کای کۆن بەبا مەکە":قین لەدڵ مەبەو زۆر لەسەر باسە کۆنەکان مەڕۆ، کایەک کاتی خۆی بەباکراوە و خەرمانەکەی تەکاوە
- "کەچەڵ ئەگەر دکتۆر بوایە چارەی سەری خۆی دەکرد":کەسانیککە دەستکورت و دەردەدارو بێتوانانن داوای کۆمەکو چارەسەرو یارمەتیان لێمەکەن، خۆیان زۆرتر پێویستیان پێیە!
- "کە خوا دای، ناڵێ کوڕی کێیت":بە یەكێك ئەوترێت، کە پایەکی لە خۆی بەرزتری دەست کەوتبێت
- "کە گڵۆڵەت کەوتە لێژی کەس خاست پێ نابێژی":وتراويشە کە(گڵۆرەت کەوتە لێژی، کەس چاکت لۆ نابێژی) گلۆڵە ژنانی کورد بەهۆی ڕێستن بە(تەشی)يەوە دروستيانکردووە چ لە خوری يان موو، ژنێک ئازا بوايە ئەگەر لە ڕۆژێکدا دوو گڵۆڵەی دروستبکردايە، لەبەر ئەوەی گلۆرە خڕە ئەگەر بکەوێتە شوێنی لێژايی تا خڵۆر دەبێتە چاڵايی و بنی دۆڵ و شيوەوە هەر خوڵ دەخواتەوە و بەهيچ کلۆجێک بۆت ناگيرێتەوە و تا هەڵدەکرێتەوە کاتێکی يەکجار زۆری دەوێت، هەڵبەت کەوتنە لێژی گلۆرەيەک لە دەسەڵاتی خاوەن گلۆرەکە نيە دەنا حەزناکات لەدەستی بکەوێت و ڕەنج و ماندوبونێکی بەلاش بدات بۆ هەڵکردنەوە داوەبەن و مووە ڕێسراوەکە، کورد ئەم حاڵەتەی کردووە بەدەربڕ و ئيديۆم بەکاريدەهێنێت بەتايبەت بۆ کەسێک کە لەکارێک يان هەڵوێستێک يان شتێکدا لێی بقەومێت کەس چاک وخاسی بۆ ناڵێت و هەمووی سەرکۆنەی دەکەن لەجياتی ئەوەی باری نالەباری بۆ ڕاست بکەنەوە و زياتر لەهەوڵی خستنی بارەکەی دادەبن بۆيە کورد بەدەربڕەوە وتويەتی(کە گڵۆڵەت کەوتە لێژی کەس خاست پێ نابێژی).
- "کانیەك کە ئاوت لێ خواردەوە بەردی تێ مەگرە":سوودت لە کەسێك یان شتێك بینی و کاتت لەگەڵیدا بەسەردا برد، دواتر لێی هەڵمەگەڕێوە و زیانی پێ مەگەیەنە
- "کەبابم بوو کەبابم بوو، کەبابم نەما کەبابم نەما ":واتا کە باوکم هەبوو کەبابم هەبوو، کە باوکم نەما، کەبابیشم نەما
- گ
- "گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێتەوە": مەبەست ئەوەیە هەموو شت ئەچێتەوە سەر ڕەگەزی خۆی.
- "گەر خۆت ماڵت لە شوشە بوو، بەرد مەگرە ماڵی کەس":هێرش مەکە سەر کەس، لە کاتێكدا خۆت بەرگەی هێرشێك ناگریت
- "گۆشتی ڕانی خۆت بخۆ و منەتی قەساب هەڵمەگرە":کاری خۆت بۆ خۆت بکە و منەتی کەس هەڵمەگرە
- ل
- "لە پڕێ، نابێ بە کوڕێ":واتە: هەموو شتێک بەرەبەرە پێ ئەگات.
- "لە دوای باران فەرەنجیم بۆ چیە":واتا دوای ئەوەی لێم قەوما، ئیتر یارمەتیدانت سوودی نابێت
- ڵ
- م
- "ماڵی زیاد سەر ناشكێنێ":ئەگەر قازانجی نەبێت زەرەریشی نابێت
- "ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش":واتە لە ڕۆژی سپیدا ماڵی سپی پاشەکەوت بکە بۆ ڕۆژێك کە لێت بقەومێت
- "ماڵت ماڵ نەبێت، بازاڕت بازاڕ بێت":واتا بەرهەمەکەت با هێند باشیش نەبێت، بەڵام کە کڕیاری هەبوو تەواوە
- ن
- "نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب":ئەبێ هەر کەس بە ئیشی خۆیەوە خەریک بێت، ئەگەر یەکێک دەستی دایە ئیشێک کە سەرڕشتەی تیا نەبوو لە کەڵکی ئەخا و ئیش تێک ئەچێ.
- "نان ئەونانەیە ئەمڕۆ لەخوانە":باسی ڕابوردووی خۆت یان باوک وباپیرانت خاوەنی چیبوون وچییا خواردووە ،بۆ ئەمڕۆ سودێکی نیە ،
- ه
- "هەر دەوەنە و ئەبێ بە دار":مەبەست ئەوەیە پیاو نابێ دوژمنی بچووک بە هیچ بزانێ.
- "هەموو هەورێک باران نیە":گشت جارێک کارەکان بەدلی تۆ نابێت ،ناوبەناو چاوەڕوانی کاری ناخۆشیش بکە!
- "هەمووکات گۆزە بە ساغی لە کانی ناگەڕێتەوە":مەبەست لەوەیە لە هەموو کارێك کە دەکەین وە لە هەموو ڕووداوێك کە ڕوودەدات، مەرج نیە بە ساغی و بێ زیان لێی دەرچین
- و
- ۆ
- ی
- ء