بانێکە و دوو هەوا!؟

ڕوونکردنەوە

ئەمە لە سەرسامییەوە لە شوێنێکا ئەوترێ کە جیایی لەبەینیانا نەبێت، کە چی جیاش بکرێنەوە. سەرچاوەی ئەم پەندە ئەوەیە کە ژنێک کوڕێک و کچێکی بووە، ژنی بۆ کوڕەکەی هێناوە و کچەکەشی داوە بە شوو. شەوێکی هاوین هەموویان لەسەر تاقەبانێک نووستوون، لە نیوەشەوا هەستاوە چووەتە سەر جێگەی کچ و زاواکەی لێفەکەی داوەتەوە بە سەریانا و دایپۆشیون و وتوویە: ڕۆڵە ساردە سەرماتان ئەبێ. ئینجا چووەتە ئەولاوە بۆ سەر جێگەی بووک و کوڕەکەی، سەیری کردووە پێکەوە نووستاون، لێکیانی کردووەتەوە و لێفەکەی لەسەر لاداون و وتوویە: ڕۆڵە گەرمە لە گەرمانا ئەپیشن، ئەمە چییە وا خۆتان نووساندووە پێکەوە؟! بووکەکەی ئاگای لە هەر دوو کارەساتەکە بووە و وتوویە: هەی هەی «بانێکە و دوو هەوا»!.